وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پلانی هەیە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی بیابانی بکات بە سەوزای بۆ ساڵی ٢٠٢٥، پەردەشی لەسەر پلانی دابەشکردنی پارچە زەوییە تەیارەکان بە پێداویستی کشتوکاڵی بەسەر ئەندازیارانی کشتوکاڵ و دەرچووانی پەیمانگای کشتوکاڵی و پزیشکی ڤێتێرنەری لادا.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی نیسانـی ٢٠٢٥، محەممەد خەزای، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ زیادکردنی ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە ئێستادا کار لەسەر وەرگرتنەوەی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی بیابانەکان دەکات.
باسی لەوەشکرد، وەزارەت پلانی ئامادەکردووە بۆ
دابەشکردنی بڕی ٥٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەسەر ئەندازیارانی کشتوکاڵ و دەرچووانی پەیمانگای
کشتوکاڵی، و پزیشکی ڤێتێرنەری، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و پاڵپشتی پێویست بۆ دڵنیابوون
لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانە.
هەروەها، وەزارەتی
کشتوکاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانەکانی ئاو لە رێگەی تیمە تەکنیکییە تایبەتمەندەکانەوە
کاردەکات بۆ ئامادەکردنی پلانی کشتوکاڵی لەبەر رۆشنایی دۆخی ئاوی عێراق.
هاوکات، وەزارەتی
سامانە ئاوییەکان ئەو میکانیزمانە دیاری دەکات کە بەهۆیەوە رێگە بە کونکردنی بیر لە
ناوچە کوێستانییەکان دەدرێت بە پشتبەستن بە زۆری ئاوی ژێر زەوی، بۆ دڵنیابوون لەوەی
کە بەفیڕۆ نەچێت.