وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، حکومەت رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی پارچەی نیشتەجێبوون بۆ سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی و وانەوتنەوە دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی نیسانـی ٢٠٢٥، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بۆ پشتیوانی لە بارودۆخی گوزەرانی کەرتی پەروەردە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی پارچەی نیشتەجێبوون بۆ سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی و فێرکاری.
هەروەها، بڕیارەکە
لە میانی کۆبوونەوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی سودانی و بە ئامادەبوونی ئیبراهیم
نامس جبوری، وەزیری پەروەردە و ژمارەیەک وەزیر و پارێزگار دراوە و لە کۆبوونەوەکەدا
باس لە رێگاکانی باشترکردنی باری گوزەرانی مامۆستایان و زامنکردنی مافی نیشتەجێبوون
و ژیانیان کرا.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە لوتکەی ئەو هەوڵە چڕانەیە کە وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری
مەڵبەندی یەکێتیی گشتیی مامۆستایان، بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی ستافی پەروەردەیی و
دابینکردنی ژینگەیەکی نیشتەجێبوون کە لەگەڵ پێگەی مامۆستایانی عێراقدا بگونجێت.
هاوکات، لایەنەکانی
ئامادەبووی کۆبوونەوەکە پابەندبوونیان بە ئاسانکاری رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی و
کارکردن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پێویست بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەسەر
زەوی بە زووترین کات دووپاتکردەوە.