PM:07:36:05/04/2025
9004 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، لەپێشینەی پڕۆژەكانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بریتییە لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەم (5G) وگەیاندنی كێبڵی ئینتەرنێت بە هەموو بەكارهێنەران. دەشڵێت، "داواكارییەكمان پێشكەش كردووە بۆ قەدەغەكردنی ئەپڵیكەیشنی تیكتۆك و چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەكەین".
ئەمڕۆ شەممە ٥ـی نیسانی ٢٠٢٥، هەیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی راگەیاند، لەپێشینەی پڕۆژەكانی وەزارەت بۆ ئەمساڵ تەواوكردنی مۆڵەتی نیشتمانییە بۆ مۆبایلەكان بە تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم، هەروەها بڵاوكردنەوەی كێبڵی فایبەر ئۆپتیک و گەیاندنی بە زۆرترین ژمارەی بەكارهێنەران بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و كۆتایهێنان بە خزمەتگوزاری وای فای.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاردەكەن بۆ چالاككردنی
ترانزێت و كێبڵی فایبەر ئۆپتیک و ئەو پڕۆژانەی وایكرد وڵاتانی نێودەوڵەتی و
كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكان چاویان لەسەر كۆریدۆری عێراق بێت.
باسی لەوەشكرد، پێشتر داواكارییەكی فەرمییان
پێشكەشكردووە بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئەپڵیكەیشنی تیكتۆك لە عێراق، ئەوەش دوای
پێشكەشكردنی هەزاران تانە بوە لەلایەن زۆربەی خێزانە عێراقییەكان سەبارەت بە
ڕاگرتن و قەدەغەكردنی ئەو ئەپە، چونكە زۆر شتی تێدایە كە بۆ گەلەكەمان و
خێزانەكانمان ناگونجێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنها ئەوان نین كە بڕیارەكان
دەدەن، وەك چۆن داواكارییەكمان پێشكەشكرد، هیوادارین پەرلەمانی عێراقیش بڕیارێك بۆ
ئەو كارە دەربكات و جێبەجێی بكەین.