سەردێڕ:

فازڵ نەبی: هەرێم پێویستە مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات

PM:08:16:04/02/2025

2180 جار خوێندراوەتەوە

بریکارێکی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێم واژۆی کردووە و لەمەودوا پێویستە مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکات.


ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی شوباتـی ٢٠٢٥، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، سەبارەت بە مووچە رێکەوتنێکێکی زۆر باش لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی مووچە چارەسەر بووە و لەمەودوا مووچەی هەرێم مانگانە لەکاتی خۆیدا دێت.

وتیشی، بەغدا پارەی تەواوی بۆ پاداشتی خانەنشینانی هەرێم ئامادە کردووە و خانەنشینان بەبێ پلەبەرزکردنەوە و بەپێی دواین مووچەیان خانەنشین کراون و جارێکی دیکە دەستکاری مووچەکانیان ناکرێت.

باسی لەوەشکرد، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان پێویستی بە زیاتر لە سێ ترلیۆن و نیوە و بەغدا دابینی دەکات و فەرمانبەرانی هەرێم مافی خۆیانە پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێتەوە و ئەو فەرمانبەرانەی لە دوای یەکی مانگی کانونی دووەمـی ئەمساڵەوە خانەنشین دەبن ١٢ مووچەی تەواوەتی و شەش مووچەی بنەڕەتیان پێدەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەرێم واژۆی کردووە و لەمەودوا مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکات و پێویستە هەرێم رێکەوتن لە نێوان کۆمپانیاکانی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بکات لەسەر ١٦ دۆلارەکە و ئەو ١٦ دۆلارەی بۆ نەوتی هەرێم دیاریکراوە بۆ کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکەیە.

فازڵ نەبی وتیشی، لە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت، هەرێم دەتوانێت داوای بودجەکەی بکات لە بەغدا.

 

 

 

 

 

 













گەلەری