سەردێڕ:

ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم کلاسیکۆیەکی جیاوازدایە

PM:12:43:24/10/2021

2628 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، زۆرینەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ماڵی نوری مالیکی سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کۆدەبنەوەو بەوتەی مالکیش کۆبونەوەکە بۆ سازانی ناکۆکەکانە، نەک پێکهێنانی هاوپەیمانی.


چاوگێک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، پێشھاتە سیاسییەکان و ئەو تانەنانەی کە لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکاندا تۆمارکراون، تاوتوێ دەکرێت.

بەوتەی ئەو چاوگە ، زۆرینەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنەکان لە سوننە، شیعە و کورد، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

رەوتی سەدر بە٧٣ کورسی پێشەنگی هێزە عێراقیەکانی گرتوەو لەبەرامبەردا مالیکی چوارچێوەیەکی هەماهەنگی لەهێزە شیعیەکان پێکهێناوەو نزیکەی ٧٠ کورسیان کۆکردەۆتەوە، بەوەش عێراق لەبەردەم کێبڕکێی سیاسی لایەنە براوەکانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

ھاوکات میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە نوری مالیکی سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی "چوارچێوەی ھەماھەنگیی" کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ساز بکرێت، چۆنیەتی دەرچوون لەو قەیرانە تاوتوێ دەکات کە بەھۆی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان لەنێوان بەشێک لەهێزە شیعیەکاندا هاتۆتەکایەوە.

نوری مالیکی  ئاشکراشی کردووە کە کۆبوونەوەکە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکە ساز دەکرێت نەک لە پێناو بەستنی ھاوپەیمانی سیاسیی.

رۆژی شەممە ١٦ تشرینی یەکەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە ژمارەیەک لایەن بە تایبەتی ژمارەیەک لایەنی شیعە جگە لە رەوتی سەدر، ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد.

 













گەلەری