PM:04:49:16/06/2024
1060 جار خوێندراوەتەوە
لەپێناو دووربوون لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشیەکی گوازراوەیە و رێژەی مردن لەو نەخۆشییەدا ١٥٪ بۆ ٣٠٪ـیە، چەند رێنماییەک بۆ دوربوون لەو نەخۆشییە لەکاتی ئاژەڵ سەربڕیندا بڵاو کراونەتەوە، کە بریتین لە سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەکان و دوورکەوتنەوە لەو ئاژەڵانەی گەنەیان هەیە و دورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵاندا، هەروەها گۆشتی ئاژەڵی سەربڕاو دوای ٢٤ کاتژمێر لە هەڵگرتنی لە ساردکەرەوەدا بەکاربهێنرێت.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، لە کاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێکدا پیویستە ئەو ئاژەڵە گەنەی نەبێت و لە کوشتارگەکان سەببڕدرێت بۆ ئەوەی پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت و لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێرتێنەریدا بێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لە تەندروستی گۆشتەکە.
ئاماژە بەوەش
کراوە، لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا دەبێت جلوبەرگی خۆپارێزی لەبەر بکرێت و کەس لە
چواردەوری ئەو کەسەدا کۆ نەبێتەوە کە ئاژەڵەکە سەردەبڕێت، هەروەها پێویستە گۆشتی
قوربانی لە ناو کیسی شەفاف دابەش بکرێت و دەبێت کیسەکە خاوێن و نوێ بێت .
ئەوەش خراوەتە
روو، سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵان هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و پیسبوونی
ژینگە، هەروەها دیاردەیەکی ناشارستانییە و دەبێت پاشماوەی ئاژەڵەکە لە کیسی
داخراودا فڕی بدرێتە شوێنی تایبەت و ئەو شوێنەشی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت پاک بکرێتەوە.
باس لەوەش کراوە،
ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت باشتر وایە گۆشتەکەی لەدوای ٢٤ کاتژمێر لە هەڵگرتنی لە
ساردکەرەوەدا بەکاربهێنرێت.