سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە پەلە بکرێت بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم

PM:04:37:18/05/2024

1844 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێم بەشێکن لە فەرمانبەرانی عێراق و پێویستە لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن. دەشڵێت، " داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە خێرابکەن لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم".


ئەمڕۆ شەممە، فیراس مسماوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێم بەشیکن لە فەرمانبەرانی عێراق هەربۆیە پێویستە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت پەلە بکرێت لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کردووە رێکارەکانیان لەوبارەیەوە خێراتر بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بانکی بازرگانیی عێراق TBI لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە رایگەیاند، ئامادەکاری تەواویان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە و داواشدەکەن کە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگاداربکاتەوە. وتیشی، پابەند دەبین بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

رۆژی ٣ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەڕێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە و چەند پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنە جیاوازەکانی هەرێم و عێراقیش واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کرد.

دواتر لە رۆژی ٢٢ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوو لەسەر داوای نەوەی نوێ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگای هەژماری بانکییەوە بنێرێت.

لە پرۆژەکەی نەوەی نوێدا، هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم هەژمارێکی بانکی لە بانکی بازرگانی عێراق بۆ دەکرێتەوە کە لقی لە هەرێمیش هەیە و مانگانە لەرێگەیەوە مووچەکەی وەردەگرێت لەگەڵ سەرجەم ئەو شایستە داراییانەی کە مووچەخۆرێکی عێراق وەریدەگرێت لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن.


 

 

 


 













گەلەری