سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید چەند زانیارییەک لەسەر مووچە و هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

PM:07:03:08/05/2024

8440 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، پارتی و یەکێتی بەڕێککەوتنی ژێربەژێر داوایانکردووە هەڵبژاردن بخرێتە ساڵی داهاتوو. لەبارەی مووچەشەوە وتی، بەغدا بەمەرجێک مووچە دەنێرێت فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە عێراقیەکان هەژمار بکەنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکەمجارە پارتی و یەکێتی بەمجۆرەی ئێستا لە هەڵبژاردن دەترسن و دەیانەوێت تاوەکو ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی کاربەڕیکەر تۆماردەکەن تا بە ماوەبەسەرچوو و هەڵوەشاوە لەقەڵەم بدرێت.

باسی لەوەش کرد، لەداهاتوودا هەرچی ڕووبەڕووی خەڵک و هەرێم بێتەوە پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسن، چونکە لەپێناو چەند کورسییەک سەرکێشی بە خەڵک و هەرێمیشەوە دەکەن و دەیانەوێت ١١ کورسییەکەی کۆتا بگەرێتەوە و ئەگەر پێنج کورسی کۆتاش بگەڕێتەوە لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی دەبێت.

لەبارەی مووچەشەوە وتی، جۆرێک لەڕێککەوتن هەیە ئەم دوو مانگەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت، بەڵام، بەغدا بەمەرجێک مووچە دەنێرێت فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە عێراقیەکان هەژماربکەنەوە و ماوەی دوو ساڵە نەوەی نوێ لە هەوڵدایە بۆ کردنەوەی لقی بانکی رەشید و ڕافیدەین لە هەرێم.

راشیگەیاند، "دەبێت فەرمانبەران ئازادبن لە هەر بانکێک هەژماری بانکی بۆ مووچەکانیان بکەنەوە و ئەوەی دەوترێت بانکی بازرگانی عێراقی هاتووەتە ناو هەژماری منەوە گاڵتەجاڕییەو ئەو مووچەخۆرانەی هەژماری منیان پێکراوە دەبێت بچنە سەر بانکە عێراقییەکان."

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستە روو، نەوەی نوێ یەکەم هێزبوو کە لە دادگای فیدڕاڵی پەرلەمانی هەرێمیان هەڵوەشاندەوەو تەنها هێزن بەرژەوەندییان نیە و دەنگی خەڵکیان نەگۆڕیوەتەوە بە پۆست و پارە.

 

















گەلەری