سەردێڕ:

لە ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر ٣٠ کیلۆ زێڕی زێڕنگەران سوتاوە

PM:07:35:07/05/2024

1596 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رووداوی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ٣٠ کیلۆ زێڕ سوتاوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٣٠ کیلۆ زێڕی زێڕنگەرانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕەکەوە سوتاون و لەگەڵ خۆڵ و داروپەردوو و پاشماوەی ئاگرەکە تێکەڵ بوون.

شەوی پێنجی ئەم مانگە، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ٢٣٤ دوکان و کۆگا سوتان، کە بەشێکیان دوکانی زێڕەنگەری بوون، دوای چوار کاتژمێریش، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای رووداوەکەش وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕی قەیسەری کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.

هاوکات، بۆ دووەم جاریشە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

هاوکات، لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.













گەلەری