سەردێڕ:

دژی خراپی رێگاوبانەکانیان؛ بەشێک لە هاوڵاتیانی کۆیە گردبوونەوە

PM:01:25:07/05/2024

1176 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دوێنێ دووشەممە، رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای هەولێر -کۆیە روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا، بەشێک لە هاوڵاتیانی کۆیە دژی خراپی رێگاوبانەکان گردبوونەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان وهاتوچۆی بارهەڵگرێکی زۆر لەسەر ئەو رێگایە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و زیادبوونی رووداوەکانی هاتوچۆ.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە هاوڵاتیانی کۆیە دژی خراپی رێگاوبانەکانیان گردبوونەوە و بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، بەشێکی زۆری رێگاوبانەکانی کۆیە زۆر خراپن و رۆژانە رووداوی هاتوچۆی لێ دەکەوێتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و شۆفێران دروست کردووە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، بەهۆی داخستنی چەند رێگایەکی دیکەوە، بارهەڵگرەکان رێگەی کۆیە بەکاردەهێنن، بۆیە  داوا دەکەن رێگاکانی دیکەش بکرێنەوە، تاوەکو ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە بەهۆی داخستنی رێگاکانی دیکەوە لەسەر ئەو رێگایە هاتوچۆ دەکەن کەم ببێتەوە.

دەشڵێن، "تا ئیستا لایەنی پەیوەندیدار نەهاتونەتە سەر خەت و وەڵامی داواکانمان نەدراوەتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان و داخستنی بەشێک لە رێگاکانی کۆیە، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لەسەر رێگای کۆیە- هەولێر هاتوچۆ دەکەن زیادی کردووە، بەوهۆیەشەوە زۆرجار رووداوی سەختی هاتوچۆ روودەدات و گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە. هاوکات تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ چاکسازیکردن لە رێگاکاندا نەناوە و ماوەی چەندین ساڵە چەندین رێگای سەرەکی نێوان شارەکان بە تەواونەکراوی بەجێهێڵراون.

خالید محەمەد - کۆیە












گەلەری