سەردێڕ:

پارێزگای هەولێر: ٢٣٤ دوکان و کۆگا لە ئاگرەکەی قەیسەری سوتاون

PM:02:53:06/05/2024

1456 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ٢٢٧ دوکان و حەوت کۆگا سوتاون و زیانیان بەرکەوتووە. دەشڵێت، "١٥ برینداری رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون".


ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگای هەولێر لەبارەی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەری هەولێرەوە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە کۆی چوار هەزار دوکان و کۆگای بازاڕەکە، ٢٢٧ دوکان و حەوت کۆگا سوتاون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆى قەرەباڵغیەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى رووداوەکە، ١٣٢ کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچووە، لەو ژمارەیەش ١١٧ کەسیان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە و ١٥ کەسیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

هاوکات، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕی قەیسەری کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، قائیمقامی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند ، لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ٥ـی ئایار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و چەندان تیمی بەرگری شارستانی هەولێر خرانە ئامادەباشییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

هاوکات، بۆ دووەم جاریشە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

هاوکات، لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.













گەلەری