سەردێڕ:

تەنها لەمساڵدا؛ چوار رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر روویداوە

AM:09:42:06/05/2024

2856 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و نزیکەی ٤٠٠ دوکانی بازاڕەکە زیانیان بەرکەوت، بەوەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە، چوار جار ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر کەوتووەتەوە و تا ئێستاش هیچ کام لە زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکراونەتەوە.


ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، بەهۆى ئاگرەکەوە ژمارەیەک کارمەندى بەرگریى شارستانى و هاوڵاتی بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماددیش هەبووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئاگرەکەدا نزیکەی ٤٠٠ دوکان سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە، بۆ دووەم جاریشە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

هاوکات، لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.













گەلەری