سەردێڕ:

٣٦ ساڵ بەسەر ئەنفالی دەشتی کۆیەدا تێدەپەڕێت

PM:05:58:05/05/2024

1120 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٥ـی ئایار، ٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنفالی دەشتی کۆیەدا کە لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی ئەنفالدا لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە نزیکەی ٩٠٠ هاوڵاتی لە دەشتی کۆیەدا ئەنفال و بێسەروشوێن کران.


لە رۆژی ٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٨٨ لە قۆناغی چوارەمی شاڵاوی ئەنفالدا لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنفالی دەشتی کۆیە ئەنجامدرا.

لە قۆناغی چوارەمی ئەنفالدا زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی ئەنفال کران و لە سنووری کۆیەش لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی ئەنفالدا، نزیکەی ٩٠٠ هاوڵاتی ئەنفال و بێسەروشوێن کران و تاوەکو ئێستا هیچ روفاتێکی ئەو ٩٠٠ هاوڵاتییە نەگەڕێنراوەتەوە شاری کۆیە.

پرۆسەی ئەنفال:

لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە رژێمی بەعس پڕۆسەی ئەنفالی بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" دەستپێکرد و تیایدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کورد لە چەند ناوچەیەک زیندەبەچاڵ کران.

"ئەنفال" یاخود "کۆمەڵکوژی کوردانی باشوری کوردستان" لە ساڵی ١٩٨٨ بە فەرمی دەستیپێکرد و پڕۆسەکەش لە ژێر ناوی سورەتی "الانفال" کەناوی یەکێکە لە سورەتەکانی قورئان و بە بڕیاری "سەدام حسێن" سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق ئەنجامدرا، کە ماڵپەڕی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە."

پڕۆسەی ئەنفال بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" بە هەشت قۆناغ ئەنجام درا، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو، ١٨٢ هەزار کورد بێسەروشوێن کران و چوار هەزار و ٥٠٠ گوند وێرانکران و یەک ملیۆن کەسیش لە شوێنەکانیان راگوێزران.

قۆناغەکانی ئەنفال:

ئەنفالی یەک- ئەنفالی دۆڵی جافایەتی لە ٢١ی شوبات تا ١٨ی ئازاری ١٩٨٨ـی خایاند و گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە و ٢٥ تا ٣٠ گوندی ئەو ناوچەیە وێرانکران و بە تەواوی چۆڵکران و لەلایەن سوپای بەعسەوە بە تاڵان بران.

ئەنفالی دوو- دووەم قۆناغی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ ئەنجامدرا و لە ١٤ـی ئازار تا ٢٢ـی ئازاری ١٩٨٨ـی خایاند و زۆر بە سەختی ناوچەکە کیمیاباران کرا و بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر کران و بەشێکی زۆریان بێسەرووشوێن کران و بەشێکیشیان برانە بەندیخانەی "نوگرەسەلمان" و بەهۆی تینویەتی و برسیەتیەوە گیانیان لەدەستدا.

ئەنفالی سێ- لە ٣١ـی ئازار تا ١٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە و بە گەورەترین و فراوانترین هێرشی ئەنفال دادەندرێت بۆ سەر کوردستان و تیایدا پێنج هەزار گوند خاپور کران و ٢٠ هەزار ژن و پیاو و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتوو کران و ئەم پڕۆسەیەش لە ١٤ـی نیساندا ئەنجامدرا و بەهۆی ئەوەی گەورەترین و فراوانترین پڕۆسە بوو، ئەو رۆژە وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکرا لە کوردستان.

ئەنفالی چوار- قۆناغی چوارەمی ئەنفال ئەو ناوچانەی گرتەوە کە دەکەوێتە نێوان زێی بچوک لە ١٨ـی نیسان تا ٢٠ـی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ـی خایاند و ئەو ناوچە جوگرافییە، گوندەکانی ئاغجەلەر و تەق تەق و عەسکەر و گۆپتەپەی گرتەوە، ئەو ناوچەیە کیمیاباران کرا و قوربانیانی ئەم گوندانە بە ٣٠٠ کەس هەژمار دەکرێن.

ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت- ئەو سێ قۆناغەی ئەنفال گوندەکانی پارێزگای هەولێری گرتەوە و لە ٢٤ـی ئایار تا ٣١ـی ئابی خایاند و بەهۆی چۆڵکردنی شوێنەکانیانەوە بەراورد بە ناوچەکانی پێشوو قوربانی کەمتری لێکەوتەوە و ٥٢ گوند لە خەلیفان و رەواندز و خۆشناو وێران کران.

ئەنفالی هەشت- کۆتا قۆناغی ئەنفال لە ناوچەی بادینان لە ٢٥ـی ئاب تا ٦ـی ئەیلولی خایاند و ناوچەکانی زاخۆ ئامێدی و شێخان و ئاکرێی گرتەوە و چەکی کیمیاوی هێشوویی بەکارهێنرا.

رەگەزێکی دیکەی ئەنفال بریتیبوو لە پرۆسەی بەعەرەبکردن "تعریب" و ئەو پڕۆسەیە بە تایبەتی شاری کەرکوکی گرتەوە و رژێمی بەعس لە رێگای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونەوە و پێدانی بە خێزانە عەرەبەکانی دەرەوەی پارێزگاکە بۆ ناو کەرکوک.

ئاماری زیانەکانی ئەنفال:

- بێسەروشوێنکردنی ١٨٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بێچەک، لە ژن و پیاو و منداڵ.

- وێرانکردنی نزیکەی چوار هەزار گوند لە کۆی چوار هەزار و ٦٥٥ گوندی کوردستان و تیایدا ٢٥٠ گوند بەر هێرشی چەکی کیمیایی کەوتن.

- دوو هەزار کەس لە پێکهاتەی مەسیحی و ئاشووریەکان بەر گازی کیمیایی کەوتن.

لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و دەستگیرکردنی "سەدام حسێن" و کوشتنی هەردوو کوڕەکەی، "عەلی حەسەن مەجید" ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە لە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٠٧ـدا، لەسەر جینۆسایدی ئەنفال سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکرا و لە رۆژی ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە سێدارە درا.
خالید محەمەد - کۆیە 













گەلەری