سەردێڕ:

١٤ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت

PM:02:51:05/05/2024

2304 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، ١٤ ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، لەو چوارچێوەشدا لە چەندین ناوچەی هەرێم و جیهانەوە، ساڵیادەکە دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پێنجی ئایار، ١٤ ساڵ بەسەر رووداوی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسەی بە تۆمەتی تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە زیندانی کراوە نەدراوەتە دادگا.

لە ئێوارەی ٤ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ لە بەردەم کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، سەردەشت عوسمان لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنرا و دواتر لە موسڵ تەرمەکەی بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە و ئاسەواری گوللـەی پێوە بوو.

لە ماوەی ١٤ ساڵدا، چەندین جار داوا کراوە کە بکەرانی ئەو تاوانە بدرێنە دەست دادگا و سزا بدرێن، بەڵام، دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ئەو پرسە نەگرتووەتەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پرسی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێم هەمیشە لەژێر پرسیاردایە و لە رابردووشدا چەندین رۆژنامەنووسی دیکە لەسەر نووسین و کاری میدیایی، یاخود رەخنە و ئاشکراکردنی گەندەڵی دەستگیرکراون یان تیرۆرکراون.

لەوانەش، "تیرۆرکردنى عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک لە ساڵى ٢٠٠٨، تیرۆرکردنى سۆرانی مامە حەمە لە کەرکوک ساڵی ٢٠٠٨ و تیرۆرکردنی وەدات حسێن لە دهۆک لە ساڵی ٢٠١٦".

لە رابردووشدا چەندین رێکخراو و دەستەی جیهانی هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنووسی لە هەرێم دەربڕیوە. لەو بارەیەوە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، رێکخراوی پاراستنی رۆژنامەنوسان ناسراو بە (سی پی جەی) باسی لەوەکرد، لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی پێویستە لە بری ئەوەی ئازاری رۆژنامەنووسان بدەن پرسی گەندەڵی چارەسەر بکەن.

هاوکات، فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیش لە رابردوودا ئەوەی راگەیاندووە، رەوشی کاری رۆژنامەنووسى لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، ویستی ده‌سەڵاتی سیاسی، له ‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردندا، بۆ باشتركردنی دۆخه‌كه‌ نییه.













گەلەری