سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای پێنجوێن-سەیدسادق دوو کەس گیانیان لەدەستدا

PM:08:41:04/05/2024

3600 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای نێوان پێنجوێن - سەیدسادق رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.


ئەمڕۆ شەممە، کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری لیگزز و نیسان سەنی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای نێوان پێنجوێن - سەیدسادق روویداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان راستەوخۆ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەیان بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی شۆڕش کراوە لە سلێمانی بەڵام پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. هاوکات ئەو دوو کەسەی بریندار بوون، برینەکانیان سەختە و لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

هاوکات، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، سەرباری خراپی و یەکسایدی رێگاکە، رووداوەکە بەهۆی خێرای زۆر و لەدەستدەرچوونی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکە سەنیەکە بووە کە خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ناویان دیار بێستون و فیدیاس محەمەدە و تەمەنیان ٢٢ ساڵ و ٢٣ ساڵ بوون و هەردوکیان دانیشتووی قەزای سەیدسادقن.
نزار کەریم - هەڵەبجە













گەلەری