چاوگێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چەندین رێککەوتنی گرنگ و نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە نەوت و غازدا ئەنجامدراوە و بڕیاریشە رۆژی ١١ـی ئەم مانگە کۆمپانیا بیانییەکان بێنە عێراق. دەشڵێت، "عێراق لەڕێگەی ئەم گرێبەستانەوە دەگاتە ئاستی خۆبژێوی و هەناردەکارێکی گرنگی نەوت و غاز بۆ بازاڕەکانی جیهان".
ئەمڕۆ شەممە، چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رێککەوتنەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەمیانەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی و نوێنەرایەتی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ واشنتۆن ٢٠ گرێبەستی نەوتی ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ٢٠ کۆمپانیای نوێی بیانی بۆ
وەبەرهێنان لە ٢٠ کەرتی جیاوازی بەرهەمە نەوتییەکان لە رۆژی ١١ـی ئایاری ئەمساڵ سەردانی
عێراق دەکەن و لە خستنەڕوویەکی ئاشکرادا گرێبەستەکانیان رادەگەیەنن.
باسی لەوەش کرد، عێراق لە ئێستادا بووەتە جێی
خواستی کۆمپانیا نەوتییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاریی تەواویان بۆ ئەنجامدراوە.
وتیشی، " لەگەڵ دەستبەکاربوونیان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و پێکهاتە نەوتییەکانی
دیکە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی و هەناردەکارێکی
گرنگ بۆ بازاڕەکانی جیهان".
هاوکات، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمیشەوە عاسم
جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی
ئەوەی هێشتا کێشەی گرێبەستە نەوتییەکان چارەسەر نەکراوە تا ئێستا هیچ گرێبەستیکی
نوێ لەبارەی نەوت و هەناردەی نەوت لە نێوان عێراق و هەرێمدا نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١ـی ئایار حهیان عهبدولغهنی
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دوو لیژنهى تەکنیکی و یاسایی پێكهێنراون و لهسهرهتای
ههفتهی داهاتوودا كۆبوونهوه دەکەن بۆ چارهسهركردنی ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم
و بەغدا.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی ٢٠ـی نیسان حەیان عەبدولغەنی
وەزیری نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر
کراوە کە کۆپیەک لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق، تا
لەرێیەوە بتوانرێت پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ هەبێت. وتیشی،
"هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و داوامان کردووە هەرێم ئامادەکاری تەواوەتی
بۆ ئەو پرسە بکات".
هێڤیدار شعبان- دیجتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی