سەردێڕ:

هێزەکانی ئەمریکا کەشتییەک و درۆنێکی گروپە چەکدارەکانیان لە یەمەن تێكشکاند

هێزەکانی ئەمریکا - دەریای سوور
PM:05:43:26/04/2024

804 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردوو لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەن مووشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی کەشتیەکی ئەمریکا کرا و لە وەڵامیشدا هێزەکانی ئەمریکا کەشتییەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەو گروپەیان تێکشکاندووە.


ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردوو لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەن مووشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی کەشتییەکی ئەمریکا کرا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لە رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کەشتییەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گروپە چەکدارەکان تێکشکێنراوە.

ئەوەشی خستە روو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی دژەکەشتی بوونەتە مەترسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا، بۆیە هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی کەشتییەکان.

لای خۆشیەوە رۆژی رابردوو، یەحیا سەریع وتەبێژی گروپی چەکداریی یەمەن رایگەیاند، چەکدارە دەریاییەکانیان کەشتییەکی ئیسڕائیلییان بە ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.

رۆژی ١٩ـی ئەم مانگە، سەرۆکی گروپەچەکدارەکانی حەماس لە یەمەن رایگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە غەززە نزیکی ١٠٠ کەشتی بازرگانی و سەربازی کە پەیوەستبوون بە ئیسرائیلەوە کردووەتە ئامانج. وتیشی، "هەڕەشەو فشارە سەربازییەکانمان بۆ ئەوەیە بەهۆی هێڵی بازرگانییەوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی غەززە رابگیرێت".













گەلەری