سەردێڕ:

بۆ دووەم هەفتە لەسەر یەک؛ بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی فرۆشی هەفتانە

PM:09:14:25/04/2024

844 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەماوەی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بە سەرجەم گەشتیاران و بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی فرۆشراوە، ئەمەش بە دووەم هەفتە دادەنرێت لەسەر یەک کە فرۆشی بانک بەرێژەی ١٠٪ زیاتربێت لە هەفتەکانی رابردوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خستنەڕووی خواستی فرۆشی دۆلار رایگەیاند، لە رۆژی ٢١ بۆ ٢٥ـی نیسانی ئەمساڵ بە تێکڕا یەک ملیار و ٣٨٤ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٩٣ دۆلار بەنرخی فەرمی ١٣٢٠ دینار فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێژەی فرۆشی کاش بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی ١٣٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بە تێکڕا ٦٦ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک فرۆشراوە بە گەشتیاران و بازاڕەکانی ناوخۆ.

باس لەوەش کراوە، ئاستی فرۆشی حەواڵە بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانان بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی بەڕێژەی ٢٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بە تێکڕاش یەک ملیار و ٣١٧ ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٩٣ دۆلار فرۆشراوە.

هاوکات سەبارەت بە فرۆشی هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دوای رێککەوتنەکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ بانکی جەی پی مۆرگان لەماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٥٤ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و بەراورد بەم هەفتەیە ئاستی فرۆش ٣٠ ملیۆن دۆلار جیاوازی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و جەی پی مۆرگان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. وتیشی، " ئەو پێنج بانکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دۆلار بۆ مامەڵەداراییەکانی پەیوەست بە دۆلاری حەواڵە ئەنجامدەدەن بەوەش ئاستی فرۆش زیاتر دەبێت".













گەلەری