سەردێڕ:

گومرگی چین: ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە زیادی کردووە

AM:08:39:21/04/2024

580 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی گومرگی چین رایگەیاند، عێراق لە پلەی سێیەمی وڵاتانی جیهاندا ماوەتەوە و بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە ١٥ ملیۆن تەن نەوت بە داهاتی زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار هەناردەی چین دەکات. دەشڵێت، " عێراق لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی عەرەبیدا پلەی دووەمی هەیە و لە ئێستاشدا ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە".


ناوەندی کارگێڕی گومرگی چین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاستی هاوردەکردنی نەوتی مانگانە بە رێژەی ١٢.٨٥٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە بەرامبەرە بە ١٦ ملیار و ٨٥٨ ملیۆن تۆن نەوتی ساڵانە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا روسیا لە پلەی یەکەمی هەناردەکاری نەوتە بۆ چین و پاشان وڵاتی سعودیە و دواتریش عێراق لە پلەی سێیەمی هەناردەکاری نەوتە بۆ چین بە بڕی ١٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن.

باس لەوەش کراوە، تێکڕای داهاتی سێ مانگی رابردووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ چین زیاتر بووە لە نۆ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار کە بەرێژەی ٧.٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی گومرگی چین لەسەر ئاستی مانگانە؛ عێراق لە دوای وڵاتی سعودیە بە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی هەناردەکاری نەوت دادەندرێت کە داهاتی ساڵانەی زیاترە لە ٢٠ ملیار دۆلار.

لەو بارەیەشەوە محەمەد نەجار راوێژکاری وەبەرهێنانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی ئابووری نێوان چین و عێراق ئاستی هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە لە ١٠٠ هەزار بەرمیلەوە بەرز کراوەتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە.













گەلەری