سەردێڕ:

پاش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن؛ سودانی گەڕایەوە بەغدا

PM:04:34:20/04/2024

1768 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتۆن لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا گەڕایەوە بۆ بەغدا.


ئەمڕۆ شەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتۆن کە لەسەر بانگهێشتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامیدا، گەڕایەوە بەغدای پایتەخت.

لە ماوەی سەردانەکەیدا، سودانی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەندین بەرپرسی دیکەی واشنتۆن کۆبوونەوە و پرسی ئابوری و وزەی عێراق یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان لەگەڵ بابەتى دۆلار و لابردنى سزای سەر بانکە عێراقییەکان و ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق. 

هاوکات، بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی عێراق و ئەمریکا، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سودانی، شاندی عێراق ١٩ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی دارایی و ئابووری و وزە و تەندروستیدا واژۆ کرد.

لە بەشێکی سەردانەکەیدا سودانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دا و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندییەکی گشتگیریان هەبێت کە سەرجەم کەرتەکان لەخۆبگرێت.

لای خۆشییەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق تایبەت و گرنگە و چەندان ساڵە پێکەوە شەڕی تیرۆریان کردووە و بەسەر گروپە چەکدارییەکاندا سەرکەوتوون و ئەو پەیوەندییەش لە رێکەوتنە ستراتیجییەکانیاندا لەبەرچاو دەگرن. وتیشی، "پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانمان و هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراقیشەوە".

لەلایەکی دیکەوە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکەی عێراق گرێبەستێکى ٥٠٠ ملیۆن دۆلارى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانى هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى عێراق.













گەلەری