سەردێڕ:

بۆ رووبەڕوبوونەوەی قەیرانی ئاو؛ عێراق دەیەوێت لەگەڵ تورکیادا رێککەوتن بکات

PM:09:47:19/04/2024

968 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا بەهۆى بارانى ئەمساڵەوە زۆربەى بەنداوەکانى عێراق ژیاونەتەوە و یەدەگى ئاوى عێراقیش زیاتربووە، بەڵام هێشتا وشکەساڵى و قەیرانى ئاو بەرۆکى عێراقى بەرنەداوە، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراقیش رایگەیاند، چاوەڕوانى سەرۆکى تورکیان و پرۆتۆکۆڵێکیان بۆ رێککەوتن لەسەر ئاو ئامادە کردووە.


عەون زیاب، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق رایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنى بەنداوى گەورە لە چوارچێوەى پڕۆژەى "گاپ"دا و بەهۆیەوە دەیەوێت رووبارەکانى فورات و دیجلە بە تەواوەتى کۆنتڕۆڵ بکات، وتیشى عێراق پشکى خۆى لە ئاوى ئەو رووبارانە وەرناگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵى ١٩٨٧ بەغدا و واشنتۆن رێککەوتن لە چرکەیەکدا عێراق ٥٠٠ هەزار مەترى سێجا ئاو لە فورات وەربگرێت، بەڵام تورکیا پابەندى رێککەوتنەکە نەبووە.

ئەوەشی خستە روو، نزیکەى ١٨٪ـی رووبارى دیجلە لە ئێرانەوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام ئەو بەشە کاریگەرە و پێکهاتووە لە رووبارى سیروان و بە هەردوو بەنداوەکانى دەربەندیخان و حەمرین پشتى پێ دەبەستن.

قوڵبوونەوەى قەیرانى ئاو لە عێراقدا هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانى کەشوهەوا و گەرمبوونى گۆى زەوى کە پێشبینى ئەوەى لێدەکرێت لە ساڵانى ئایندەدا کاریگەرییەکانى زیاتر دەربکەوێت و بەپێى ئامارێکى نەتەوەیەکگرتووەکانیش عێراق لە ریزبەندى پێنجەمى ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەرى گۆڕانى کەشوهەواى لەسەرە.

ساڵى ٢٠١٩ بۆ یەکەمجار عێراق هەموو بەنداوەکانى پڕبوو و یەدەگى ئاوەکەى گەیشتە نزیکەى ٥٥ ملیار مەترى سێجا، بەڵام لە سێ ساڵى رابردوودا بەهۆى وشکەساڵییەوە یەدەگى ئاوى عێراق زۆر کەمیکرد و هاوینى رابردوو بۆ نزیکەى حەوت ملیار مەتر دابەزى کە نزمترین ئاستە لەمێژوودا.













گەلەری