PM:11:02:18/04/2024
1316 جار خوێندراوەتەوە
کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەرەو چارەسەر دەڕوات، حکومەتی کاربەڕێکەریش ٥٩ مووچەی مووچەخۆرانی لایە کە لە ١٠ ساڵی رابردوودا پێیان نەدراوە یان بە پاشەکەوت و لێبڕین دراوە، لە کاتێکدا چوار ترلیۆن و ٦٥٥ ملیار دیناری داهاتی شەش مانگی رابردووی لەبەردەستە کە لە ناوخۆ و نەوتی قاچاخ و هاوکاری هاوپەیمانان دەستی کەوتووە.
لە ١٠ ساڵی رابردوودا کابینەکانی هەشت و نۆ بە بیانووی قەیرانی دارایی دەستیان بۆ مووچە و قوتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان برد و لەو ماوەیەدا ٥٩ مووچەی مووچەخۆرانیان نەدا کە سێ مووچەیان هی کۆتایی ساڵی رابردووە، بە جۆرێک چوار مووچەی ساڵی ٢٠١٥ و مووچەیەکی ٢٠١٧ و حەوت مووچەی ٢٠٢٠ و سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٣ـی هەر بە تەواوى نەداوە.
هاوکات،
مووچەی تەواوی مانگەکانی ساڵی ٢٠١٦ و مووچەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠١٧ بە چارەکە مووچە و
پاشەکەوت دراوە، هەرچی لێبڕینیشە لە کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستیپێکرد
و لەو کابینەیەدا چوار مووچەی ساڵی ٢٠٢٠ و شەش مووچەی ساڵی ٢٠٢١ بە لێبڕینەوە دابەشکراوە.
بەم شێوەیەش
ئەگەر مووچەخۆرێک مووچەکەى یەک ملیۆن دینار بێت، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا حکومەت ١٥
ملیۆن دیناری هەر پێنەداوە و ٢٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزاریشى بەهۆی چارەکە مووچە و پاشەکەوتەوە
دابەش نەکردووە، دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار دیناریشى بە ناوى لێبڕینەوە نەداوە، کەواتە
تێکڕا ئەو مووچەخۆرە ٣٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارى لاى حکومەتە، دەسەڵاتدارانیش لەگەڵ
چارەسەربوونى پرسى مووچە بە بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى خۆیان لەو مافەى مووچەخۆران بێدەنگ
کردووە کە بە ئەستۆى کابینەى هەشت و نۆى هەرێمە.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، بە تەنها لە سێ مانگی ساڵی رابردوو دوو ترلیۆن و ٤٨٨ ملیار دیناری لە
داهاتی ناوخۆ و نەوتی قاچاخ و هاوکاری هاوپەیمانان بۆ ماوەتەوە، ئەمساڵیش دەستی بۆ
یەک دیناری ئەو داهاتانە نەبردووە کە بڕەکەی دوو ترلیۆن و ١٦٧ ملیار دینارە، بەم پێیەش
بێت حکومەتی کاربەڕێکەر دەتوانێت بەو داهاتەی لەبەردەستدایە، پێنج مووچە بەبێ لێبڕین
و پاشەکەوت دابەش بکات بەڵام بەپێچەوانەوە نەک هەر ئەوەى ئەو مافە بۆ مووچەخۆران
ناگەڕێنێتەوە، باج و رسوماتیشی لەسەر خەڵک زیاد کردووە و بارودۆخی ژیانى هاوڵاتییانى
هێندەى تر سەخت کردووە.