سەردێڕ:

وەک یەکەم وڵات لە جیهاندا نەیجیریا ڤاکسینی دژە هەوکردنی پەردەی مێشکی بەرهەمهێنا

PM:06:43:13/04/2024

1192 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، نەیجیریا وەک یەکەم وڵات ڤاکسینێکی بەرهەمهێناوە کە مرۆڤ لە پێنج جۆر بەکتریای هەوکردنی پەردەی مێشک دەپارێزێت.


ئەمڕۆ شەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" رایگەیاند، نەیجیریا بووە یەکەم وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا کە ڤاکسینی دژەهەوکردنی پەردەی مێشکی بەرهەمهێنا بە ناوی " Men5CV".

ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوی نێودەوڵەتیی "گاڤی" کە تایبەتە بە دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینی نوێ و دابینکردنی بۆ وڵاتانی هەژارنشین پاڵپشتی دارایی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە دابین دەکات.

هاوکات، تیدرۆس ئادهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی مەترسیدارە بەڵام ئەو ڤاکسینە دەتوانێت رێڕەوی نەخۆشییەکە بگۆڕێت و لە داهاتووشدا رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکات. وتیشی، " ئەو ڤاکسینە هەنگاوێک نزیکمان دەکاتەوە لە ئامانجەکەمان بۆ نەهێشتنی هەوکردنی پەردەی مێشک تا ساڵی ٢٠٣٠".

نەیجیریا یەکێکە لە وڵاتەکانی ئەفریقا کە رێژەی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک تێیدا زۆرە، بە تەنها لە ساڵی رابردوودا حاڵەتەکانی توشبوون بەو نەخۆشییە لە نەیجیریا ٥٠٪ بازدانی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە حاڵەتەکانی توشبوون لە وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقا.

لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تاوەکو ١١ـی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ ، هەزار و ٧٤٢ حاڵەتی گومانلێکراوی توشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەیجیریا تۆمار کراوە، زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتیان پشتڕاست کرایەوە و ١٥٣ حاڵەتی مردنیش لە حەوت ویلایەتی وڵاتەکە بەهۆی نەخۆشییەکەوە تۆمار کراوە.

هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی ئەو پەردانەی کە دەوری مێشک و بڕبڕەی پشت دەدەن و دەیپارێزن. کە دەکرێت هۆکارەکەی ڤایرۆس، بەکتریا، ئەو نەخۆشیانەی کە هۆکارەکەی کەڕووە و مشەخۆرە زیانبەخشەکان بێت. دیارترین نیشانەکانیشی بریتین لە: سەرئێشە، تا و رەقبوونی مل.













گەلەری