سەردێڕ:

جۆو بایدن: کارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە غەززە هەڵەیە

PM:01:02:11/04/2024

1376 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکارایگەیاند، کارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە هەڵە ناوزەند دەکات و دەشڵێت، دەبێت هاوکارییەکان بۆ غەززە خێرا ئەنجامبدرێت.


لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی یونیڤیژن کە بە زمانی ئیسپانی لە ئەمریکا پەخش دەکات، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت، "پێموایە ئەوەی کردوویەتی هەڵەیە و لەگەڵ هەڵوێستەکەیدا نیم".

بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد هەنگاو بنێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە لە غەززە و رێگەدان بە دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری مرۆیی و رایگەیاند، "هیچ بیانوویەک نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکی و خۆراکییەکان (لە غەززە). پێویستە خێرا ئەنجام بدرێت".

لەلایەکی دیکەوە، بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێکردبوو، بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە لە غەززە هەنگاو بنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە، هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ وەستاندنی جەنگەکە دەکات.













گەلەری