سەردێڕ:

لەبارەی خۆرگیرانی تەواوەتییەوە هۆشداری تەندروستی دەدرێت

PM:06:14:08/04/2024

1864 جار خوێندراوەتەوە

پەیمانگای فەلەکناسی میسر رایگەیاند، ئەمڕۆ خۆرگیرانی تەواوەتی روودەدات و لە ناوچەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک خۆرگیرانەکە بە تەواوی دەبینرێت. هاوکات سەرچاوە پزیشکییەکان باس لەوە دەکەن، سەیرکردنی ئاسمان لەکاتی خۆرگیراندا رەنگە ببێتە هۆی سوتاندنی تۆڕی چاو.


ئەمڕۆ دووشەممە، پەیمانگای فەلەکناسی میسر رایگەیاند، خۆرگیرانی تەواوەتی لەکاتێکدا روودەدات کە مانگ لە کاتی سوڕی مانگانەی خۆیدا بە دەوری زەویدا و لە قۆناغی کەمبوونەوەیدا و لە کۆتایی مانگدا دەکەوێتە نێوان خۆر و زەوی لەسەر هێڵی یەکگرتن کە بریتییە لەو هێڵەی مانگ و زەوی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، خۆرگیرانی تەواوەتی لە ئەمڕۆدا روودەدات و لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بە تەواوی دەینرێت و لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و هەروەها لە باکووری ئەمریکا و و زەریای هێمن و ئەتڵەسی و باکووری ئەمریکای باشوور، خۆرگیرانەکە بە شێوەی نیوە دەردەکەوێت.

ئەوەشی خستە روو، لوتکەی خۆرگیرانەکە ماوەی چوار خولەک و ٢٨ چرکە دەبێت، تەواوی خۆرگیرانەکە و تەواوبوونی ماوەی پێنج کاتژمێر دەخایەنێت.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی سەدەی ٢١دا ٢٢٤ خۆرگیران روودەدات و لەوانە ٧٧ـیان نیمچە خۆرگیران دەبێت و ٧٢ـیان خۆرگیرانی ئەڵقەیی و ٦٨ـی دیکەش خۆرگیرانی تەواوەتی لەگەڵ حەوت خۆرگیرانی جیاواز.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢ـی ئەم مانگە، دەزگای ناسا رایگەیاند، هەشتی ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژی دووشەممە، خۆرگیرانی تەواوەتی روودەدات و ماوەی خۆرگیرانەکەش چوار خولەک و ٢٨ چرکە دەبێت.













گەلەری