سەردێڕ:

پێش جەژنی رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رادەگەیەنرێت؟

PM:06:19:05/04/2024

1412 جار خوێندراوەتەوە

لە هەوڵێکی نوێدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەر لە هاتنی جەژنی رەمەزان، ئەمریکا و میسر لە هەوڵی نێوەندگیریدان لەگەڵ لایەنی ئیسڕائیلی.


گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین ئاشکرایان کردووە، حکومەتی میسر پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە. دەشڵێن، وێڕای ئەوەی نەرمی دەنوێنن، بەڵام هێشتا کەلێنی نێوان ئەوان لەگەڵ ئیسڕائیلدا زۆر فراوانە.

لەو چوارچێوەیەدا واشنتۆن و قاهیرە دەیانەوێت پڕۆسەی دانوستان درێژەی هەبێت و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا و بەر لە جەژنی رەمەزان گەڕێکی نوێی دانوستان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر لە نێوان نێوەندکارەکان و ئیسڕائیلییەکان دەست پێ بکات.

هاوکات، پێشبینی کراوە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا سەردانی قاهیرە بکات و لەوێ چاوی بە بەڕێوەبەرانی دەزگای هەواڵگریی میسر و ئیسڕائیل و سەرۆک وەزیرانی قەتەر بکەوێت.

لای خۆیەوە حکومەتی تەلئەبیب جەخت لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی دەکات لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان دەڵێن لە چوارچێوەی ئاگربەستێکی هەمیشەییدا رێگە بە ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان دەدەن.

لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاندووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل کردووە پەلە بکات لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ چەکدارە فەڵەستینییەکان، ئەوەش لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان کە ژمارەیان لە ئێستادا نزیکەی ١٣٠ کەس دەبێت.

لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆکانی ئیسڕائیلیش بۆ سەر کەتی غەززە، سەدان هەزار هاوڵاتی دووچاری مەترسی برسێتی بوونەتەوە، بە تایبەتیش دوای ئەو بەربەستانەی کە ئیسڕائیل لەبەردەم گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دروستیان دەکات لەگەڵ بە ئامانجگرتنی کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ٧ــی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، لە ئێستادا بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە سەروو ٣٣ هەزار کەس و نزیکەی ٧٥ هەزار کەسیش بریندار بوون.













گەلەری