سەردێڕ:

نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت: تەرمی کەسێکی شەڕەکەی گوڵەخانە هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان

PM:09:22:04/04/2024

10748 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەرمی کەسێک کە لە شەڕەتەقەکەی گوڵەخانە گیانی لەدەستداوە، هێنراوەتە نەخۆشخانەکەیان. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە پیشەی پێـشمەرگە بووە و سەر بە هێزی محەمەدی حاجی مەحمودە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرەج حەمە ئەمین بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەنجامی شەڕەتەقەی دوو هێزی سەر بە عەبدوڵای حاجی مەحمود و محەمەدی حاجی مەحمود کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوون.

لەو بارەیەشەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری دوورخراوەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە گوڵەخانە هێزێکی چەکداریی سەر بە پارتی سۆسیال دیموکرات لەژێر سەرپەرشتی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات بە ئاڕ پی جی و چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە گوڵەخانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا کوڕەکەی گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندارە. وتیشی،"هیچ کێشەکمان لەگەڵ سەرۆکی پارتەکەدا نەبووە و لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە لە ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە".

باسی لەوەش کرد، جگە لە کوڕەکەی پێشمەرگەیەکیش کە بەرپرسی پاسەوانەکانییەتی بریندارکراوە. وتیشی، لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە.

هاوکات، چاوگێکی ئەمنی لە باڵی محەمەدی حاجی مەحمود بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، دوای تەواو بوونی کۆنگرەی هەشتەمی سۆسیال دیموکرات تەلەفۆن بۆ عەبدوڵای حاجی مەحمود کراوە و پێیان وتوە کە ئێمە لە بەرەی تۆین بەڵام کە گەیشتوون پێکدادان دروست بووە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوڵەخانە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی پارتی سۆسیال دیموکرات روویدا و بەهۆی شەڕەکەوە هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێ کرا.













گەلەری