سەردێڕ:

ئەمریکا رەتیدەکاتەوە بەشداریی لە هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەى ئێران کردبێت

AM:10:42:03/04/2024

948 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رەتیکردەوە بەشدارییان لە هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەى ئێران لە سوریا کردبێت، داواش لە ئێران و بریکارەکانی دەکات دۆخەکە نەقۆزنەوە بۆ دەستپێکردنەوەى هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانیان لە عێراق و سوریا.


جۆن کێربى وتەبێژى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە سوریا نییە و بە هیچ جۆرێک بەشداریان تێدانە کردووە، زانیارى پێشوەختیشیان لەو بارەیەوە نەبووە.

وتیشى، ئەمریکا بنکە و هێزەکانی خۆی دەپارێزێت و وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەریان لە عێراق و سوریا.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی بینای کونسوڵخانە و ماڵی باڵوێزی ئێرانیان لە تەنیشت باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

لەو بارەیەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، محەممەد رەزا زاهدی ناسراو بە ئەبو مەهدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراوە.

دواتریش، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دیمەشق دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل. وتیشی، رێگای وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دیاری دەکەن کە بەهۆیەوە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژراوە.













گەلەری