سەردێڕ:

ئەمریکا: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی گروپە چەکدارەکانمان لە دەریای سووردا تێکشکاند

AM:10:13:02/04/2024

732 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەیەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان تێکشکاندووە کە مەترسی لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و کارمەندەکانی سەر کەشتییەکە لە دەریای سووردا دروست کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی گروپە چەکدارەکانی یەمەن لە دەریای سووردا.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو فڕۆکەیە مەترسی لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و کارمەندەکانی سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا دروست کردووە.

باس لەوەش کراوە، لەپێناو پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و ئاسایشی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها سەلامەتی گیانی کارمەندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە دەریای سووردا، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە، هێزە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی دەریای سوور.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیش، لە ماوەی رابردوودا رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بازرگانیکردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەم بووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی ‌هێزە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.













گەلەری