سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی یەک ملیار تەن خۆراک بەفیڕۆچووە

AM:08:50:02/04/2024

672 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕوبەڕووی برسێتیەکی سەخت بونەتەوە، کەچی ساڵانە ملیۆنان تەن خۆراک لە سەرتاسەری جیهاندا بەفیڕۆدەچن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت ئەو بەفیڕۆدانە تەنها شکستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو شکستی ژینگەییشە.


پێشر دەوترا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە قەبارەی زۆری خۆراکەکان بە فیڕۆدەچن، بەڵام توێژەرەوان جەخت دەکەنەوە بە نزیکەیی لە هەموو وڵاتانی جیهان بڕێکی زۆر خۆراک بەفیڕۆدەچێت و هەمووان بەپرسن لەو دیاردەیە کە بووەتە کارەساتێکی جیهانیی.

نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ملیارێک تەن خۆراک بەفیڕۆچووە کە دەکاتە ڕێژەی ١٩%ی سەرجەم خۆراکە بەرهەمهاتووەکان.

لە ٦٠% ی ئەو ڕێژەیەش سەرچاوەکەی ماڵان و لە ٢٨% یشی پاشماوەی خۆراکی ڕێستورانت و هۆتێلەکان و خۆراکی ماوەبەسەرچوون.

هەروەها ١٢% یشی پاشماوەی خۆراکی خراپبووی دوکانەکانی سەوزە و میوەفرۆش بوون.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ساڵانە هەر کەسێک لە جیهاندا بە قەبارەی ٧٩ کیلۆگرام لە خۆراکی جۆراوجۆری بە فیڕۆداوە، کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک ژەمە خۆراک لە ڕۆژێکدا.

بەو پێیەش بێت دەتوانرێت لە ڕێگەی یەک ژەمە خۆراکی ڕۆژانەوە سەرجەم ٨٠٠ ملیۆن برسیەکانی جیهان تێربکرێن، کە ساڵانە دەخرێنە تەنەکەی خۆڵەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتەکەی بە کارەساتێکی جیهانیی ناوبردووە و هۆشداریی دەدات لەوەی ئەو دیاردەیە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر کەشوهەوا و ژینگەی هەسارەی زەوی بەو پێیەی هۆکاری دەرچوونی ڕێژەی١٠%ی ئەو گازانەی ناو بەرگەهەوان، کە بەرپرسن لە دروستبوونی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی و گۆڕانی کەشوهەوا.

ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکەش دەڵێن، ئەگەر خۆراکی بەفیڕۆچوو دەوڵەتێک بوایە، ئەوا دەبووە سێیەم سەرچاوە لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا و چین لە ڕووی دەرچوونی گازە پەنگخواردووەکانەوە کە هۆکاری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوان.

لای خۆشیەوە ئینگر ئەندرسن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە دەڵێت، کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە ژینگەی زەوی لە پیسبوون دەپارێزێت و بڕی خۆراک بۆ مرۆڤەکان زیاتر دەکات و برسێتی و پارەی بەفیڕۆچووش کەمتر دەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا هەوڵدەدرێت بۆ ساڵی ٢٠٣٠ بەفیڕۆدانی خۆراک بۆ نیوەی ئەوەی کە ئێستا هەیە کەمبکرێتەوە.

تاکە وڵاتیش کە هەنگاوی باشی نابێت بۆ کەمکردنەوەی بەریتانیایە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستیپێکردووە و هەنگاویش دەنێت تا لە ساڵی ٢٠٣٠ دا ئەو ڕێژەیە بگەیەنێتە ٥٠%.













گەلەری