سەردێڕ:

کۆچی نێودەوڵەتی: لە ١٠ ساڵدا ٦٣ هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

PM:02:47:28/03/2024

676 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار کۆچبەر لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، دەشڵێت، "ساڵی ٢٠٢٣ کوشندەترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران".


خۆرخی گالیندۆ، وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٣، زیاتر لە ٦٣ هەزار کەس لە رێگەکانی کۆچکردندا لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

ئەوەشی خستە روو، لەو ٦٣ هەزار کۆچبەرەی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٢٨ هەزاریان ئەو کۆچبەرانەن کە لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە کۆچیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ٦٠٪ـی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان کە لە راپۆرتەکانیان تۆمار کراون، بەهۆی خنکانەوە بووە. دەشڵێت، "ساڵی ٢٠٢٣ کوشندەترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران و تەنیا لەو ساڵەدا هه‌شت هه‌زار و ٥٠٠ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت ئیتاڵیا و بەریتانیا، چەندین رێکاری توندیان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان گرتووەتە بەر، جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کرد، سنوورەکانی وڵاتەکەیان بە رووی کۆچبەراندا دادەخەن و هەر کۆچبەرێکی نایاسایی روو بکاتە وڵاتەکەیان، ناچار بە گەڕانەوەی دەکەن بۆ خاکی خۆی.













گەلەری