سەردێڕ:

سامانە سروشتییەکان: پێش راگرتنی هەناردەی نەوت مانگانە مووچە بەبێ دواکەوتن دەدرا

PM:05:36:26/03/2024

5008 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا. لەکاتێکدا، تەنها لەماوەی فرۆشتنی نەوتدا بە سەربەخۆ، هەرێم ٥٦ مووچەی مووچەخۆرانی یان هەر نەداوە، یانیش بە لێبڕین و پاشەکەوتەوە دابەشی کردووە.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تێپەڕیوە و بەهۆی ئەو قەیرانەی لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتەوە دەستی پێکردووە، پێدانی مووچەی مووچەخۆران دواکەوتووە.

وەزارەتەکە دەشڵێت، لە کاتێکدا پێشتر بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ساڵانی هەناردەی نەوتدا بە سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە، واتە لە سەردەمی کابینەکانی هەشتەم و نۆیەمدا و تاوەکو مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، کاتی راگرتنی هەناردەی نەوت، ٥٦ مووچەی مووچەخۆرانی نەداوە، یان بە لێبڕێن و پاشەکەوتەوە دابەشی کردووە.

کۆی مووچە نەدراو یان پاشەکەوتکراوەکانی کابینەکانی هەشتەم و نۆیەم بەم جۆرەن:

قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٥ - ٢٠١٨) مووچەخۆران پێنج مووچەی تەواویان پێنەدراوە ٢٣ مانگیش چارەکە مووچە و ١١ مانگیش بەشێک لە مووچەکانیان پاشەکەوت کرا.

بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی مووچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا مووچەی مانگەکانی (٤، ٥، ٦، ٧، ٨، ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠) خەرج نەکرا، ٩ مووچەش بە لێبڕینی ٪٢١ و مووچەیەکیش بە لێبڕینی ٪١٨ـەوە لە ساڵانی (٢٠٢١ - ٢٠٢٢)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣ـشدا، لە رۆژی ٦ی شوبات مووچەی مانگی یەكی دوای ٣٣ رۆژ دابەش کرا و لە رۆژی ٨ی ئازار مووچەی مانگی دوو دوای ٣٣ رۆژ دابەش کرا. پاش ئەوانە لە ٢٥ی ئازاردا هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا. واتە پێش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ٥٦ مووچەی مووچەخۆران یان نەدراوە، یان پاشەکەوت کراوە، یاخوود بە لێبڕینەوە دابەش کراوە.

لە ئێستاشدا سەرەڕای ئەوانە، ماوەی دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و ماوەی ٥٤ رۆژە مووچەی دابەش نەکردووە.













گەلەری