سەردێڕ:

بۆ دووەم رۆژ؛ بایکۆتی چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک لە هەرێم بەردەوامە

AM:11:36:25/03/2024

1168 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆش جارێکی دیکە، دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان؛ لە کەلار و کفری و چەمچەماڵ فەرمانبەران و کارمەندانی چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک بایکۆتی دەوامیان کردووە.


لە چەمچەماڵ، بەشێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی کلینیکی راوێژکاری شەهید پێشڕەو، سەنتەری راهێنانی منداڵان بۆ چارەسەری سروشتی، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ، زانکۆی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ، پەیمانگای وەرزشی چەمچەماڵ و پەیمانگای کۆمپیوتەری چەمچەماڵ بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

لە کەلاریش، فەرمانبەران و کارمەندانی شارەوانییەکانی گەرمیان و نەخۆشخانەی گشتی کەلار و نفوسی کەلار بایکۆتیان کردووە و کارەکانیان راگرتووە.

هاوکات، لە کفریش فەرمانبەران و کارمەندانی دادگای کفری دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتیان کردووە.

ئەو فەرمانبەرانە ئاماژە بەوە دەکەن، "تاوەکو مووچەکانیان وەرنەگرن ناچنەوە سەر کارەکانیان."

باس لەوەش دەکەن، "ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێهێناوە، بەڵام لەوە زیاتر ناتوانین و وەزیری دارایی بە ئاشکرا دەڵێت مووچە دابەش ناکرێت."

رۆژی رابردووش، لە سلێمانی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، تاقیگەی بیناسازی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج، داواکاری گشتی، رێگاوبان، چاودێری کۆمەڵایەتی بایکۆتی کارەکانیان راگەیاند.

هاوکات، خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و راپەڕین و چەرموو و کۆیە بۆ پشتگیری مامۆستایانیان بایکۆتیان راگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی (رانیە، چوارقورنە، سەنگەسەر، سەیدسادق، حاجیاوا، پشدەر، هێرۆ، دوکان و وارماوا ) و پاسپۆرتی رانیەش بایکۆتی کارەکانیان کرد.

هاوکات، مەڵبەندی دووی تەندروستی چەرموو و فەرمانگەی دادنووسی چەمچەماڵ و کارتی نیشتیمانی چەمچەماڵ بایکۆتی کارەکانیان کرد، لە کۆیەش زانکۆی کۆیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی دەستی پێکردەوە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێدەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، هێزێکی یەکێتی لە کەلار ژمارەیەک مامۆستای دەستگیرکردووە کە ویستوویانە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانیدا بکەن.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەغدا زیاتر لە ٦٠٨ ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و بەبیانووی کورتهێنان ئامادە نییە بەو پارەیە و داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

لەماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووی دابەشکردووە، ئەم مووچەیەی دەبێت دابەشی بکات مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر ناوی ناوە مووچەی مانگی ٢ی ئەمساڵ، لەکاتێکدا وا مووچەخۆرانی هەرێم دەچنە مانگی ٤ـەوە.













گەلەری