سەردێڕ:

شێرەکان سیستمێکی جیاوازی خواردنیان هەیە و بەڕۆژوو دەبن

PM:08:32:24/03/2024

2240 جار خوێندراوەتەوە

شێر ئەو ئاژەڵەی کە خاوەن سیستەمێکی جیاوازی خواردنە لەنێو ئاژەڵەکانی دیکە و ژەمی سەرەکی گۆشتە، لەکاتی دەستکەوتنی ژەمێکی گەورە و تێر و پڕدا بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەبێ خواردن دەمێنێتەوە، تاوەکو گەدەی ئەو ژەمە شی دەکاتەوە و ژەمێکی دیکەشی دەست دەکەوێت.


لە لایەکی دیکەشەوە، لەبەشێک لەباخچەکانی ئاژەڵان زۆرێک لە ئاژەڵەکان قەڵەون و تەنانەت توشی جۆرێک لە نەخۆشی دڵ و جۆری دووەمی شەکرەیان هەیە و شێرەکانیش بەرۆژودەبن.

لە ئەگەری نەبوونی خواردن و رووبەڕوبوونەوەی ئەو کاتانەی کە تێیدا دۆزینەوەی خواردن بۆیان قورس دەبێت، زۆرجار شێرەکان دەتوانن بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەبێ خواردن بژین و ئەوەش بەشێکی ئاسایی و سروشتی ژیانیانە کە دەکرێت بەهۆی تەمەن و تەندروستییان و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین ماوەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بۆماوەی مانگێک درێژە بکێشێت.

پێکهاتەی جەستەی شێرەکان بەجۆرێکە کە لە ماوەی نێوان دوو هەفتە بۆ مانگێک لە ئەگەری نەبوونی خواردندا دەتوانن مێتابۆڵیزمی جەستەیان خاو بکەنەوە و چەورییە هەڵگیراوەکانیان بۆ وزە بەکاربهێنن و بەردەوام بن لە ژیانکردن، بەڵام ئەگەر ماوەکە لە مانگێک زیاتر بخایەنێت ئەوا دەبێتە هۆی لاوازبوونی جەستەی بەڕادەیەک بگاتە ئەوەی بەهۆی برسێتییەوە بمرێت.

شێرەکان بەوە ناسراون گۆشتخۆرن و ژەمی سەرەکییان خواردنی گۆشتە هەر ئەوەش وای کردووە بە پاشای دارستان بناسرێن، هەندێک جاریش وەک تیمێک کاردەکەن بۆ راوکردنی نێچیرەکانیان و بەردەوام هەوڵدەدەن لێهاتووی و تواناکانیان بەشێوەیەکی باشتر بۆ راوکردن بەکاربهێنن.

شێرەکان لەکاتی راوکردنی نێچیرێکدا لەگەڵ تیمەکەیاندا دەیخۆن و دواتر بۆ ماوەی چەند رۆژێک هیچ ژەمێک ناخۆن تاوەکو ئەو ژەمە شی نەبێتەوە و دواتر لە کاتی برسیبوونیاندا بەدوای نێچیرێکی دیکەدا دەگەڕێن.

هاوکات، شێرەکان خاوەنی چەناگەیەکی بەهێز و ددانێکی تیژن کە دەتوانن ئەو ئاژەڵانەش ببەزێنن کە قەبارەیان زۆر لە خۆیان گەورەترن.

شێر گەدەیەکی گەورەی هەیە کە لەتوانایدایە خۆراکێکی زۆر هەڵبگرێت و کاتێک نێچیرێکی گەورەی وەک گامێش راو دەکات، دەتوانێت بە یەکجار ٢٥٪ـی جەستەی بخوات کە ئەوەش وەک ئەوە وایە مرۆڤێک بە یەکجار ٤٠ هەمبەرگر بخوات.

لە حاڵەتی دەگمەنیشدا شێرەکان جگە لە گۆشت رووەک دەخۆن کە بە وتەی شارەزایان تەنها لەو کاتانەدا پەنا دەبەنە بەر خواردنی رووەک کە ئازاری گەدەیان هەبێت و بیانەوێت گەدەیان پاک بکەنەوە، یاخود لەو کاتەی کە زۆر برسین و نێچیرێک نادۆزنەوە بۆ ئەوەی راوی بکەن.













گەلەری