سەردێڕ:

چەندین فەرمانگە و بنکەی تەندروستیی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بایکۆتی کارەکانیان کرد

AM:11:00:24/03/2024

3068 جار خوێندراوەتەوە

دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچە، چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و بنکەیەکی تەندروستی لە سلێمانی و رانیە و قەڵادزێ و کۆیە و چەمچەماڵ بایکۆتی کارەکانیان راگەیاند.


لە سلێمانی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، تاقیگەی بیناسازی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج، داواکاری گشتی، رێگاوبان، چاودێری کۆمەڵایەتی بایکۆتی کارەکانیان راگەیاند.

هاوکات، خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و راپەڕین و چەرموو و کۆیە بۆ پشتگیری مامۆستایانیان بایکۆتیان راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی (رانیە، چوارقورنە، سەنگەسەر، سەیدسادق، حاجیاوا، پشدەر، هێرۆ، دوکان و وارماوا ) و پاسپۆرتی رانیەش بایکۆتی کارەکانیان کردووە.
هەر لە چەمچەماڵیش، کلینکی راوێژکاری شەهید پێشڕەو و مەڵبەندی دووی تەندروستی چەرموو و فەرمانگەی دادنووسی چەمچەماڵ و کارتی نیشتیمانی چەمچەماڵ بایکۆتی کارەکانیان کردووە.
لە کۆیەش زانکۆی کۆیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

ئەو فەرمانبەرانە باس لەوەدەکەن، "ئەگەر بەرپرسەکانیش هاوشێوەی خەڵک دەژین قەینا بەڵام تەنها خەڵک دۆخی بەم جۆرەیە."

باس لەوەشدەکەن، "ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێهێناوە، بەڵام لەوە زیاتر ناتوانین و وەزیری دارایی بە ئاشکرا دەڵێت مووچە دابەشناکرێت."

ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەدا گرتووە و دابەشی ناکات.

ماوەی ٥٠ رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، جگە لەوەی ئەو مووچەیەی کە بڕیارە وەریبگرن، مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بە ناوی مووچەی مانگی ٢ی ئەمساڵەوە دابەشیدەکات، ئەوەش بەو مانایە دێت، لەماوەی شەش مانگدا مووچەخۆران تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.













گەلەری