سەردێڕ:

مۆسکۆ دوای ٢٢ ساڵ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر؛ ٢٠٠ کەس لە مەترسیدان

AM:09:07:23/03/2024

7476 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، گروپێکی چەکداری چوار کەسی لە هێرشێکی چەکداریدا بۆسەر هۆڵێک لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی روسیا کە تایبەتە بە کۆنسێرتی مۆسیقا، دەسترێژی گوللـەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کرد و بەهۆیەوە ٦٥ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات گروپەچەکدارە توندڕەوەکانیش بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکەدا گرتووەتە ئەستۆ.


ئەمڕۆ شەممە، ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ بە ئاژانسی هەواڵی روسیای راگەیاند، شەوی رابردوو چوار کەسی دەمامکدار بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقەیان لە ژن و منداڵ و پیاوانی بەشداربووی کۆنسێرتەکە کردووە و ١٧ تەقینەوەشیان ئامادەکردبوو بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی زانیاریەکان و ئەو بەیاننامانەی کە بڵاوکراونەتەوە، رێکخراوی گروپەچەکدارە توندڕەوەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە رووداوەکە لە ئەستۆگرتووە. وتیشی، "بە تەواوی گروپەچەکدارەکان لەناودەبەن".

لەلایەکی تریشەوە، میخائیل مۆراشکۆ وەزیری تەندروستی روسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا ٢٠٠ کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە کە لەو رێژەیەش پێنج کەسیان منداڵن. وتیشی، "لەوکەسانەدا تەنها ناسنامەی ٦٥ کەس ئاشکراکراوە و پێشبینیش دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی سەختی برینی ٤٠ لە بریندارەکانەوە بگاتە ١٠٠ کەس".

روسیا لەو بارەیەوە چی دەڵێت؟

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی راگەیاند، لە ئێستادا لەلایەن ڤلادێمیر پۆتین سەرۆکی روسیاوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە چەکداریی و خوێناوییە پێکهێنراوە و سەرجەم دەزگاکان و یەکەکانی ئاسایش و پۆلیس راسپێردراون کە لیکۆڵینەوە لەگەڵ گەشتیارانی وڵاتەکەدا بکەن کە ٢١ ملیۆن گەشتیارن.

ئەمریکا چی دەڵێت لەو بارەیەوە؟

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ رۆژی ٧ـی ئازار بە ئەنجوومەنی ئاسایشی مۆسکۆی راگەیاند، کە بە گوێرەی زانیارییەکانیان ئاگاداری پلانێکی چەکدارین لە خاکی مۆسکۆ و کە قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە بە هەڵکوتانە سەر باڵەخانەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ ئەو بابەتەیان بە گرنگ نەزانیوە و پشتگوێیان خستووە.

دەقی نووسراوەکەی باڵۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ؛

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ چاودێری چەند راپۆرتێکی کردووە و بە گوێرەی زانیارییەکانیش گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بەنیازن هێرش بکەنە سەر کۆبوونەوە گەورەکان لە مۆسکۆ، بەتایبەت کۆنسێرتەکان، بۆیە داوا لە دانیشتووان و گەشتیارانی ئەمریکی دەکەن کە لە ٤٨ کاتژمێری داهاتووەوە خۆیان لە کۆبوونەوەی گەورە بەدوور بگرن و بەهیچ جۆرێک بەژداری نەکەن. 

٢٢ ساڵ لەمەوبەر لە مۆسکۆ چی روویدا؟

ساڵی ٢٠٠٢ ژمارەیەک چەکداری توندڕەوی چیچانی لە هۆڵی شانۆگەری و نمایشی دۆبرۆڤیکا لە مۆسکۆ ٩١٥ روسیان بە بارمتە گرت و داوای کشانەوەی سوپای روسیایان دەکرد لە چیچیان، بەڵام لەلایەن ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکی روسیا داواکرا کە هێزێکی تایبەتی رووسی بە گازی خنکێنەر هێرشبکەنە سەر گروپەچەکدارەکان و لە ئەنجامدا ١٣٠ روسی گیانیان لەدەستداو و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.
دوای تێپەرینی ٢٢ ساڵ، ئێوارەی هەینی٢٢ـی ئازار، کاتژمێر ٩:٠٥ خولەکی شەو ژمارەیەک چەکدار لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بەچەکی ئۆتۆماتیک هێرشیان کردە سەر بەژداربووانی کۆنسێرتێک لە هۆڵی کۆرکوس و بەهۆیەوە ٦٥ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٤٠ بریندار هەن.













گەلەری