سەردێڕ:

ئۆکرانیا: هیچ پەیوەندییەکمان بە تەقینەوە و هێرشە چەکدارییەکەی روسیاوە نییە

PM:11:18:22/03/2024

1612 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوە و هێرشە چەکدارییەکەی هۆڵێکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی روسیاوە نییە کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەهۆی رووداوەکەوە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار بوون.


ئەمڕۆ هەینی، میخالۆ پۆدۆلیاک راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای رووداوەکەی مۆسکۆ رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوە و هێرشە چەکدارییەکەی هۆڵەکەی مۆسکۆوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، کاتژمێر ٩:٠٥ خولەکی ئەمشەو بەهۆی تەقینەوە و هێرشی چەکداریی لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بۆ سەر باڵەخانەی کرۆکۆسی بازرگانی کە تایبەتە بە کۆنسێرتی مۆسیقا لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

لەوبارەیەشەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، "پێویستە بە زووترین کات ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن".

هاوکات، ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئێستادا سێ باڵەخانەی نزیک لە یەکتری لە شوێنی رووداوەکە سووتاون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، 
دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی روسیا چوونەتە ناو باڵەخانەکە و رووبەڕوبوونەوەی سەربازی لە نێوان گروپە چەکدارەکە و هێزەکانی روسیادا دروستبووە، ١٧ تەقینەوەش پوچەڵکراوەتەوە کە لە باڵەخانەکەدا جێگیر کرابوون.













گەلەری