سەردێڕ:

بەهۆی بارانبارینەوە؛ ئاستی ئاوی زێی گەورە بەرزبووەتەوە

PM:12:54:22/03/2024

1860 جار خوێندراوەتەوە

ئاستی ئاوی زێی گەورە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە لە چەند رۆژی رابردوودا ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەرزبووەتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو بووەتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی زێی گەورە لە سنوری خەبات بەرزبکاتەوە.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ناوچەی خەبات یارمەتیدەرە بۆ جوتیارەکان و تاڕادەیەکی باش مەترسییەکانی دروستبوونی وشکەساڵی رەواندووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کەشناسی هەرێم هۆشداریدا بە هاوڵاتیان کە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت.

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێم لافاو دروست بوو، ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان،بەهۆیەوە چەند بەنداوێک سەر ڕێژبوون.

هاوکات ،بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییەوە رێژەی ئاوی رووباری دیجلە زۆر زیادیکردووە.

ئەمڕۆش، جارێکی دیکە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری بەردەوامى ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەى لەسەر ناوچەکە هەیە تەواوى ئاسمانى هەرێم هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان و باران بارین دەست پێدەکاتەوە.













گەلەری