سەردێڕ:

وادەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا کرا

AM:11:07:21/03/2024

304076 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن و ئەگەر بڕیار بدرێت، هەر لە سبەینێ هەینییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ گرفتێک لەبەردەم دابەشکردنی مووچەدا نەماوە و کورتهێنان بە داهاتی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.

وتیشی، چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانن و بە ئەگەری زۆرەوە لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات، ئەوا هەر لە سبەینێ هەینییەوە دەتوانن مووچە دابەشبکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات تەواوکراوە و لە ئێستاشدا لیستی مووچە بەتەواوی ئامادەکراوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی کاربەڕیکەرەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت. بەرپرسانی حکومەتی کاربەرێکەریش دەڵین، هۆکاری دواخستن و دابەشنەکردنی مووچە بەهۆی کورتهینانەوە بووە.

پێشتر لەبارەی مووچەی مانگی شوباتەوە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە ٦٠٧ ملیار دینار لەبەردەستدایە و بە داهاتی ناوخۆش کورتهێنانی مووچە پڕ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەک لەبەردەم دابەشکردنی مووچەدا نەماوە.

لەلایەکی تریشەوە، ئاوات جەناب وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لە ئێستادا داهاتی ناوخۆ مانگانە ٣٧٤ ملیار دینارە و ئەوەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی بەردەم کورتهێنانی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە ماوەی رابردوودا، لەبارەی دواخستنی مووچەی مانگی دوو، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ٪٥٩ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، ئەو رێژەیەش کەمترە لە بڕی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە و هۆکاری دواخستنی دابەشکردنی مووچە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داهاتی چوار مانگی ناوخۆی لەبەردەستدایە کە زیاترە لە یەک ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار بەوەش دەیتوانی لەرێگای ئەو داهاتانەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات بەڵام چاوەڕێی پارەکەی بەغدای دەکرد، جیا لەوەی ماوەی دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەخۆرانی ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە، مووچەخۆران لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی بڕیارە وەریبگرن هێشتا نازانرێت مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر ناوی ناوە مووچەی مانگی شوبات، جیا لەوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچە دابەشنەکراوە.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.شـ













گەلەری