سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وادەی داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکانی دیاری کرد

AM:09:28:20/03/2024

1552 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو رۆژی ٣٠ تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم کەمپەکان دادەخرێن و کۆتایی بە پرسی ئاوارەکان دەهێنرێت. دەشڵێت، لە دوای ٣٠ تەمموزەوە پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکان بۆ ئاوارەکان کۆتایی پێ دێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەتەواوی کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و پاڵپشتی سەرجەم ئەو ئاوارانە دەکات دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی ٣٠ تەمموزی ئەمساڵیان دیاری کردووە وەکو وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەکان و داخستنی سەرجەم کەمپەکان، هەروەها گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئەوەشی خستە روو، لە دوای ٣٠ تەمموزەوە سەرجەم پاڵپشتی و ئەو هاوکارییانەی پێشەکەشی ئاوارەکانی دەکەن کۆتایی پێ دەهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی خزموتگوزاری بۆ شنگال.

پێشتر، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو، هەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی بڕی چوار ملیۆن دیناری وەک قەرەبوو پێدەدرێت، هەروەها هەر خێزانێکی ئاوارەی شنگال بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی چوار ملیۆن دیناری لەگەڵ پارچە زەوییەک پێدەدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا و سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپارد زەوی بەسەر ئەو خێزانە ئاوارانەدا دابەشبکەن کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.













گەلەری