سەردێڕ:

لەبارەی دروست بوونی لافاوەوە؛ هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدرێت

PM:07:43:17/03/2024

25396 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، بەپێی ئەو پێشبینییانەی پێیان گەیشتووە، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا بەڕێوەیە. دەشڵێت، "پێویستە ئامادەسازی پێشوەختە بۆ لافاو بکرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، بەپێی ئەو پێشبینییانەی لە کەشناسی "یو ئێس جی ئێس"ـی ئەمریکی و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و کەشناسی هەرێمی کوردستان پێیان گەیشتووە، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بەڕێوەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلی بارانبارینەکە بەتایبەتی دەکەوێتە رۆژانی ١٨ و ١٩ـی ئەم مانگە کە دەکات رۆژی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە.

ئەوەشی خستە روو، بۆ تێپەڕاندنی شەپۆلەکە بە سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و پڕۆژەکان، پێویستە ئامادەسازی پێشوەختە بۆ لافاو بکرێت و داواش لە هاووڵاتیانی نیشتەجێی سنوری بەنداوەکان و کەنار چەم و رووبارەکان، دەکەن لە هەر ئەگەرێکی بەرزبونەوەی ئاستی ئاودا ئاگاداربن و خۆیان بپارێزن.

هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، سبەی دووشەممە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەکات و لە رۆژی سێشەممەدا روو لە زیادبوون دەکات بەشێوەی بارانی بەخوڕ. دەشڵێت، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بارانبارین کۆتایی دێت.













گەلەری