سەردێڕ:

یەکێتی مامۆستایان: پێویستە بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت

PM:04:49:17/03/2024

1936 جار خوێندراوەتەوە

يه‌كێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، پێویسته‌ ره‌چاوی بارودۆخی ئابووری خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت و هه‌رچی زووه‌ له‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستدایە دەست بە دابەشکردنی‌ مووچه‌ بكرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، داواده‌كەن دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌ست پێبکات له‌و داهاته‌ی به‌رده‌ستدایە، به‌تایبه‌ت مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كان، چونکە دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌م كاته‌دا ده‌بێته‌ هه‌نگاوێك بۆ هاوسه‌نگی بازاڕ و بوژانه‌وه‌ی گوزه‌رانی خه‌ڵك.

ئاماژە بەوەش کراوە، "بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک لەم کاتەدا زۆر نالەبارە و ناكرێت بیانووی نه‌ناردنی مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ببێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچەدا‌."

دەشڵێن، داوا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ‌وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه‌ لیستی مووچه‌ بڵاوبكەنەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.‌

شەوی رابردوو، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، بە تێکڕای دەنگی وەزیرەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە بۆ مووچەی مانگی شووبات، مووچەی پێ دابەش نەکرێت.

پێشتر، ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، هەریەک لە دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی کاربەڕێکەر، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی کاربەڕێکەر و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتین رەزامەند بوون لەسەر دابەش نەکردنی مووچە.

دواتریش، ئاوات جەناب وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لەبارەی راگرتنی مووچەوە پشتڕاسکردەوە و رایگەیاند، "سەرجەم وەزیرەکان یەکدەنگ بووین لە پاڵپشتی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران".













گەلەری