سەردێڕ:

بەهۆی هێرشێکی روسیا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی ئۆکرانیا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:11:55:15/03/2024

1420 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی روسیاوە بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئۆدیسا، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٧٠ کەسیش بریندار بوون.


ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، لەلایەن روسیاوە بە مووشەکی جۆری بالیستی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئۆدیسا کرایە ئامانج.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئەو هێرشەی روسیاوە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٧٠ کەسیش بریندار بوون و ئەوەش بە کوشندەترین هێرشی روسیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دادەنرێت.

ئەوەش خراوەتە روو، سەرەتا لە رێگەی مووشەکێکەوە ناوچەکە کرایە ئامانج و دواتر دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس بۆ شوێنەکە، دووبارە بە مووشەکێکی دیکە کرایە ئامانج بۆیە لەنێو قوربانییەکاندا پزیشک و دوو ئەفسەری باڵای پۆلیسی تێدایە.

هاوکات، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وەڵامێکی گونجاویان دەبێت بۆ هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆ سەر شاری ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە.

ئۆدیسا یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی ئۆکرانیا، لە مێژە بووەتە ئامانجی هێرشەکانی روسیا، بەتایبەتی دوای ئەوەی مۆسکۆ دەستبەرداری رێکەوتنی نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە رێگەی بە تێپەڕبوونی ناردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای ڕەشەوە دابوو.

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا دەستی پێکردووە و لە هاوینی رابردووەوە سوپای ئۆکرانیا هێرشە پێچەوانەکانی بۆ سەر ناوچە روسییە سنوورییەکان دەستپێکردووە.













گەلەری