سەردێڕ:

روسیا بۆ ماوەی ٣٠ خولەک فڕۆکەکەی وەزیری بەرگری بەریتانیای لە ئاسمان پەکخست

گرانت شاپس - وەزیری بەرگری بەریتانیا
PM:10:02:14/03/2024

3224 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی ٣٠ خولەک سیستمی دیاریکردنی زەمینی فڕۆکەکەی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەکاتی گەڕانەوەی لە پۆڵەنداوە لەلایەن روسیاوە پەکخرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، روسیا بۆ ماوەی ٣٠ خولەک سیستەمی دیاریکردنی زەمینی ئەو فڕۆکەیەی پەکخست کە گرانت شاپس وەزیری بەرگری بەریتانیا لە پۆڵەنداوە پێی دەگەڕایەوە وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پەکخستنە بووە هۆی ئەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی ناو فڕۆکەکە و ئینتەرنێتی تایبەت بە فڕۆکەکە رابگیرێت کە بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکان بۆ گەڕانەوەیان ناچاربوون سیستەمی گەشتیاری دیکە بەکاربهێنن. وتیشی،" ئاڕاستەی گومانەکان بە تەواوی بۆ مۆسکۆن، چونکە لە رابردووشدا فڕۆکەیەکی دیکەی بەریتانیای لە ئاسماندا پەکخستبوو".

هاوکات، گرانت شاپس وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، ئەو پەکخستنە هیچ مەترسییەکی بۆ سەرنشینەکانی دیکەی ناو فڕۆکەکە دروست نەکردووە و هۆکارەکەشی هێشتا دیار نییە بەڵام بە وردی لیکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکەی.

وتیشی، " پێشبینی دەکەین کە هۆکارەکەی ئەوەبێت کە لە وتارەکەمدا رەخنەم لە وتارێکی ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا گرت سەبارەت بە فراوانبوونی جەنگەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ـدا لە ئاسمانی قوبروسدا فڕۆکەیەکی جەنگی بەریتانیا بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک سیستمی جی پی ئێسی پەکخرا کە ئەوەش بووە هۆی مەترسی لەسەر هێزی بەرگری ئاسمانی بەریتانیا و پۆڵەندا.













گەلەری