سەردێڕ:

بەریتانیا بڕیارێک تایبەت بەو کۆچبەرانە دەدات کە مافی پەنابەرییان رەت کراوەتەوە

PM:09:25:13/03/2024

11452 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی مافی پەنابەرییان پێ نەدراوە و داواکارییەکانیان رەت کراوەتەوە، حکومەت بڕی سێ هەزار و ٨٤١ دۆلار دەدات بە هەر کۆچبەرێک کە بیەوێت بچێتە رواندا، هەروەها لەلایەن حکومەتی روانداوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاڵپشتی پێشکەش دەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، حکومەت بەنیازە پێشنیارێک بۆ ئەو کۆچبەرانە بکات کە بەشێوەی نایاسایی گەشتوونەتە بەریتانیا، بە جۆرێک، بڕی سێ هەزار و ٨٤١ دۆلار دەدرێت بە هەر پەنابەرێک کە بیەوێت بچێت بۆ رواندا.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێککەوتنەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و چیتر ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی لە بەریتانیا بمێننەوە و ناشتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

ئەوەش خراوەتە روو، رواندا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەو وڵاتە بژین و ناتوانن لە بەریتانیا بمێننەوە، هەروەها لەلایەن دەسەڵاتدارانی روانداوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاڵپشتی پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی رابردوودا ١٩ هەزار کەس لەسەر خواستی خۆیان بەریتانیایان جێهێشتووە بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بکەن کە لە کام وڵاتەوە کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا و ئەو هۆکارانە چین وای لێ کردوون بە نایاسایی کۆچ بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو ساڵە بەریتانیا کار لەسەر ناردنی ئەو کەسانە دەکات بۆ رواندا کە بەشێوەیەکی نایاسایی چونەتە نێو خاکی بەریتانیاوە، ناردنی ئەو کەسانەش بۆ رواندا لەسەر خواستی خۆیان دەبێت و داواکارییەکانیان لەبەرچاو دەگیرێت.













گەلەری