سەردێڕ:

سێنتکۆم: هێرشێکى درۆنیی گروپە چەکدارەکانى یەمەنمان تێکشکاند

AM:11:53:09/03/2024

884 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیى ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزەکانیان لە دەریای سوور بەرپەرچى هێرشێکى بەرفراوانى گروپە چەکدارەکانى یەمەنیان داوەتەوە بە دیاریکراوی ١٥ درۆنیان تێک شکاندووە.


ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیى ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، گروپە چەکدارییەکانی یەمەن هێرشێکى بەرفراوانیان بە درۆن بۆ سەر کەشتییەکانى دەریاى سوور ئەنجام داوە، بەڵام ئەمریکا بە هاوکاریى هاوپەیمانەکانى بەرپەرچى هێرشەکانی داوەتەوە و سەرجەم هێرشەکانى تێک شکاندووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى گروپە چەکدارەکانى یەمەن سەکۆیەکى هەڵدانى مووشەکى دژە کەشتى لەلایەن ئەمریکاوە بەئامانج گیراوە و تێک شکێنراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپەرچی چوار هێرشیان داوەتەوە کە لە رێگەی مووشەکەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی هێزەکانیان کراوە.













گەلەری