سەردێڕ:

رێکخراوی فاو: بۆ حەوتەم مانگ لەسەر یەک نرخی مادە خۆراکییەکان دابەزیون

PM:09:15:08/03/2024

796 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا نرخی مادە خۆراکییەکان جگە لە شەکر بۆ نزمترین ئاستی مانگی شووباتی ساڵی ٢٠٢١ دابەزیون و بە تێکڕا بە زیاتر لە ١١٧ خاڵ تۆمار کراوە.


ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'فاو' لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە شەکر نرخی مادە خۆراکییەکان لە مانگی شووباتی رابردوودا بۆ حەوتەمین مانگ لەسەر یەک دابەزیون و گەیشتووەتە ١١٧.٣ خاڵ.

باسی لەوەش کردووە، نرخی دانەوێڵە لە مانگی رابردوودا بە رێژەی ٥٪ لەسەر ئاستی مانگانە و بە رێژەی ٢٢.٣٪ لەسەر ئاستی ساڵانە دابەزیوە کە یەکێک لە هۆکارەکان زیادبوونی رێژەی دروێنەکردنی گەنمەشامی بووە لە ئەرجەنتین و بەڕازیل.

ئەوەشی خستووەتە روو، نرخی رۆنی رووەکی لە مانگی شووباتدا بە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە رێژەی ١.٣٪ دابەزیوە، بەراورد بە مانگی شووباتی ساڵی رابردووش بە رێژەی ١١٪ دابەزیوە.

هاوکات، رێکخراوی فاو لەمساڵدا بەرهەمی گەنمی بە رێژەی ١٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزکردووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٩٧ ملیۆن تۆن گەنم ئەوەش بەهۆی کەشوهەوای لەبار لە ئەمریکای باکوور و رووسیا کە گەورەترین هەناردەکارن و هەروەها لە چین، هیندستان، ئێران، پاکستان و تورکیا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢ـی مانگی شووباتی ئەمساڵ، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جگە لە نرخی شەکر بە تێکڕا لە مانگی رابردوودا نرخی مادە خۆراکییەکان بە رێژەی ١.١٩٪ دابەزیوە کە بەرامبەرە بە نزمترین نرخ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.













گەلەری