سەردێڕ:

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژنانە؛ بۆچی هەشتی مارس بۆ ئەو یادە دیاریکراوە؟

PM:02:13:08/03/2024

1384 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەشتی مارسە و رۆژی جیهانیی ژنانە و مێژووی ھەڵبژاردنی هەشتی مارس وەک رۆژی ژنان لە جیھاندا، دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانی ژنانی روسیا لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا لەدژی دەستپێکردنی جەنگ.


لە سەرەتادا یادکردنەوەیەک بۆ کارکردنی ژنان و مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا بزوتنەوەی سۆسیالیستی ئەمریکا ٢٨ـی شوباتی وەک رۆژی ژنان دایاریکرد.

لە ساڵی ١٩١٠ کلارا زێتکین بیرۆکەی رۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژناندا پێشنیار کرد و لە ساڵی ١٩ـی مارچی ١٩١١ رۆژی جیهانیی ژنان لە ئۆستریا و دانیمارک و ئەڵمانیا و سویزلەندا یادکرایەوە و ئەو رۆژە بووە رۆژی جیهانیی ژنان و ساڵانە بەههۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی ژنان ئاهەنگ دەگێڕدرا و لەو رۆژەدا داوادەکرا مافەکانی ژن بپارێزرێت.

دواتر لە ساڵی ١٩١٧ و لە کاتی شۆڕشی روسیدا لە هەشتی مارسدا بەپێی رۆژژمێری زاینی ژنانی روسیا لە شاری پترسبۆرگ خۆپیشاندانیان کرد و داوای مافەکانیان خۆیان کرد و ئەو خۆپیشاندانەش کاریگەری گەورەی لەسەر شۆڕشی روسیا هەبوو.

لە دوای ئەو رۆژەش هەشتی مارس وەک رۆژی جیهانیی ژنیان دیاریکراوە و ساڵانە یادی سەرکەوتن و پێشکەوتن و تواناکانی ژنانی تێدا دەکرێتەوە و داواش دەکرێت یەکسانی لە کار و کۆمەڵگە و مافدا بۆ ژنانان بەرپا بکرێت.













گەلەری