سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا: پێویستە پێش مانگی رەمەزان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت

AM:09:20:06/03/2024

792 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەستانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ئێستادا لە دەستی بزووتنەوەی حەماسدایە. دەشڵێت، "پێویستە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بەردەوامی هەبێت".


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە ئێستادا لە دەستی بزووتنەوەی حەماسدایە و ئەوان دەتوانن کارێک بکەن ئاگربەست رابگەیەنرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت پێش هاتنی مانگی رەمەزان ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەنرێت، ئەگەرنا باروودۆخەکە لە مانگی رەمەزاندا بۆ خەڵکی فەڵەستین خراپتر دەبێت.

دەشڵێت، "پێویستە هاوکاری زیاتر بچێتە غەززە و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکرێت".

لەو بارەیەوە بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "تاکتیکی دواخستن" لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستدا پەیڕەو دەکات.

لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامیی هەیە و لەو ساتەوە یەکجار ئاگربەست و پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ئەنجامدراوە.

بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزاندا هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بوونەتەوە بۆ ئەوەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەنرێت و بۆ ماوەی مانگێک ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بووەستن لە رووبەڕووبوونەوەی یەکتر.













گەلەری