AM:11:44:04/03/2024
1504 جار خوێندراوەتەوە
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشکردنە سەر یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی هایتی لەلایەن ئەندامانی باندە چەکدارییەکانەوە هەزاران زیندانی هەڵاتن، حکومەتی وڵاتەکەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دۆخەکە و دەستگیرکردنی زیدانییە هەڵاتووەکان باری نائاسایی لە وڵاتدا راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، باندە چەکدارەکان لە هایتی هەڵیانکوتاوەتە سەر زیندانی گەورەی پۆرت ئۆپرێنس و بەهۆیەوە نزیکەی ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی چوار هەزار زیندانی لە زیندانەکە هەڵاتوون.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، حکومەتی وڵاتەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دۆخەکە باری نائاسایی و قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە.
لەبەرامبەریشدا سەرکردەیەکی باندە چەکدارییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی باندەکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی هایتی دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە
گروپە چەکدارەکان هەڵبکوتنە سەر زیندانەکان و زیندانییەکان ئازاد بکەن.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی نیشتیمانی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە
هایتی، زیندانی پۆرت ئۆپرێنس توانای لەخۆگرتنی ٧٠٠ زیندانی هەیە بەڵام تا مانگی
شوباتی ساڵی رابردوو سێ هەزار و ٦٨٧ زیندانی لەخۆگرتووە.